ژیانى شاعیرى مەزن پیرەمێرد


پیرەمێرد                                             
                                                


پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە (١٨٦٧ - ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠) [١] شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوانی ناوداری کورد بوو. لە سلێمانی لەدایکبووە و لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە هەر وەكوو حاجی قادری كۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە هەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەكانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی كردۆتە مزگەوتەكانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.[٢] شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پۆستی ئیداری و سیاسیدا دادەمەزرێ. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرھەمی ئەدەبیی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، هەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی (ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب و ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی و ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین)

سەردەمی منداڵی و لاوێتی
ناوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە. لە ساڵی ١٨٦٨ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. پیرەمێرد لە بارەی ژیانی منداڵی خۆیەوە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت:

    کاتێ ھاتمە ئەم کۆنە جیھانەوە، دەوری منداڵی لای ھەموو ڕۆڵەیەک خۆشە، چونکە غەمی گوزەران نازانێت، بەو سەودایی منداڵییەوە خۆشم ڕابوارد   
پیرەمێرد بەم ناز و نیعمەتەوە و بە چاودێریی و خۆشەویستییەوە پەروەردە کرا، تا تەمەنی گەیشتە حەوت ساڵان، ئەوسا ئیتر بردیانە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە، ھەتا خوێندنی تەواو کرد لەوێ مایەوە، ئینجا سمایلنامە و چەند کتێبێکی تری وردیلەی خوێند.

ڕۆژێک تۆفیقی تەمەن ھەشت نۆ ساڵان لەگەڵ مامۆستاکەیدا لەسەر شیعرێکی (حافز)ی شیرازیی تێکدەچن، چونکە پیرەمێرد خۆی بە خاوەن ماف دەزانێ، نایەوێت لە قسەی خۆی پاشگەز ببێتەوە و داوای لێبوردن لە مامۆستاکەی بکات، ناچار حەسەن ئەفەندی مامی لەو حوجرەیە گواستییەوە و بردی بۆ حوجرەی مەلا سەعیدی زڵزڵەیی،[٤] کە ئەیباتە ئەوێ، حەسەن ئەفەندیی ئەڵێ: "تۆفیق ئومێد ئەکەم دەم و نەفەسی ئەم زاتە پاکە بتکا بە شاعیرێکی وەکو من." بەمەدا دەردەکەوێت کە حەسەن ئەفەندی مامیشی ھەر شاعیر بووە، ھەرچەندە بەداخەوە کە ئێمە ھەتا ئێستا ھیچ شیعرێکی ئەومان دەست نەکەوتوە.[٥] لەم حوجرەیەدا سەرەتایی بەھرەی شیعر وتنی تێدا دەرکەوت، خوویدایە خوێندنەوەی ئەدەبیات و شیعر و سەرگوزشتەی ئەدیبان و شاعیران، لەسەر دابونەریتی کوردەواریی و بەپێی ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی عەشایەردا چاوی ھەڵھێنابوو، ئارەزووی سوارچاکی و تفەنگچێتی پەیدا کرد، شۆرەتی سوارچاکیی پیرەمێرد بەناوبانگ بوو، وەک مامۆستا سەجادی دەیگێڕێتەوە، لەشاخی ھەڕووتە، کە پیادە بە ئاستەم پێیدا سەردەکەوێت، ئەم بەتا و لەسەردا ئەسپی ھێناوەتە خوارەوە، بەسەر پردی قەشان و تەپادا بەغار پەڕیوەتەوە. لە دوای ئەوەی کە ئیتر بەرەبەرە لە خوێندنەکەشی پێشکەوت، واپێویستبوو لەسەر فەقێیەتی دەوام بکات.[٦]

لە سەرەتاوە لە مزگەوتەکەی باپیری کە ئێستاش ماوە (مزگەوتی ھەمزاغا)، کە نزیک ماڵی خۆیان بووە و لە نزیک باخێک بووە پێیان وتووە باخی پوورە بەگی، کە لە گەڕەکی گۆیژەیە و چاپخانەکەی پیرەمێرد لە نزیک ئەو مزگەوتەیە،[٧] لای مەلا مەحموود دەرسی عەرەبی دەخوێنێت، لە خوێندنی عەرەبیدا دەچێتە پێشەوە و دەست ئەکا بەخوێندنی (سیوتی)، بە دوای خوێندندا وەک ھەر فەقێیەکی ئەو سەردەمە لە شار و و جێگەی خۆی دوور دەکەوێتەوە، بەپێی ئەو عادەتەی، کە لە کام مزگەوتدا مامۆستای چاک بووبێ فەقێکان ڕوویان تێکردووە، وەکو چۆن مامۆستایانی ئێستا ھەر یەکەی لە بوارێکدا شارەزایی پەیدادەکەن و وانە دەڵێنەوە، مامۆستایانی ئەوساش ھەر مەلایەی لە بوارێکی تایبەتدا شارەزایی پەیدا دەکرد، پیرەمێردیش ھەروەکو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوتا و مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە،[٨] دەگاتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ماوەیەک لەوێ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.[٩] بەڵام پێش ئەوەی تەواوی بکات، دەستی لە خوێندن ھەڵگرت و ڕوویکردە ژیانی ڕۆژانەی ئەم دنیایە.[١٠] لەو سەردەمەشدا ھەر کەسێک خوێندنی مەلایەتی تەواو بکردایە و مەلایەتی بکردایە، ئەوە دەبوو بە مەلا، بەڵام گەر وازی لێبھێنایە پێیان دەوت (میرزا)، بەو پێیەی پیرەمێردیش وازی لە خوێندنەکەی ھێنا، بوو بە میرزا.

لە ئەیلوولی ساڵی ١٨٨٢ی زاینیدا، واتە لە تەمەنی (١٥) ساڵیدا، دەبێت بە کاتبی نفوسی سلێمانی، زۆری پێناچێت دەکرێت بە کاتبی (زەبت) لە دادگای سلێمانی، لە حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٣دا بووە بە فەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە، نزیکەی سێ ساڵا لەوێ مایەوە، بە پێی نووسینەکانی پیرەمێرد بێت کە لە (ژیان) و (ژین) دا بڵاویکرددوونەتەوە، وا دەردەکەوێت کە ئەو سەردەمە عەشقی شیعر لە دەروونیدابووە، خولیای شیعر کۆکردنەوە کەوتۆتە سەری، تا ئەو دەمە ھەر خەریکی لەبەرکردنی شیعری (نالی) بووە، بەڵام کە چۆتە ئەو ناوچەیە، شەیدای (مەولەوی) و (بێسارانی)یش بووە، بە ھەموو دەشتی شارەزووردا گەڕاوە، کەشکۆڵی ڕەنگینی بۆ خۆی پێکەوە ناوە و ھەرچی شیعرێکی دەسکەوتبێت یان بینیبێت یان بیستبێ، لە کەشکۆڵەکەیدا نووسیویەتیەوە، پاشان بوو بە سەرنووسەر (باشکاتب) لە دادگای چوارتا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٩٥دا گوازرایەوە بۆ (کەربەلا) بە وەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاریدا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاریی دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرێت،[١١] شێخ موستەفای نەقیب دڵخۆشی دایەوە و کردیی بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی، ژیانێکی باش و لەباری بۆ خوڵقاندووە.

ژیانی لە تورکیا

وێنەی پیرەمێرد بە گەنجی
لەبەر ئەوەی تۆفیق لاوێکی زرنگ و زیرەک و بەڕەوشت بوو و خوێندەوارییەکەشی بە پێی ئەو سەردەمە باش بوو، لە تەک بنەماڵەی شێخانی سلێمانیدا پەیوەندییەکی پتەوی پەیدا کرد، تا وای لێھات متمانەی زۆر شتیان پێکرد، خۆشیاندەویست، جێی بڕوایان بوو، بۆیە کاتێک لە ساڵی ١٨٩٨ شێخ سەعیدی حەفید (باوکی شێخ مەحموودی نەمر) لەسەر بانگێشتی سوڵتان عەبدولحەمید بانگکرا بۆ ئەستەمبوڵ، شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب ڕوویان لە تۆفیقی مەحموود ئاغا نا کە لەگەڵیان بچێت بۆ تورکیا، ئەمیش بەپێی ئەو نزیکی و پەیوەندییەی لەگەڵیاندا ھەیبوو، دەستی نەنا بەڕووی داواکەیانەوە، بەمجۆرە شێخ سەعید جگە لە شێخ مستەفای نەقیب، چەند کەسێکی ھەڵبژارد لەگەڵیاندابن، یەکێکیان تۆفیقی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەف بوو.

ئەو دەمە تۆفیق خاوەن ژن و ماڵ بوو، بەڵام دیسان ماوەی ئەوەی نەدا کە ژن و منداڵەکەی ببنە کۆسپ لە ڕێگەی ئەم سەفەرەدا، ئەو دەمە تۆفیق غەزالە خانی کچی عەبدوڵڵا فەندیی عەزیز ئاغای بابەکر ئاغای مەلا وەیسی ھاوسەری بوو، دوو کچیشی لێی بوو بوو بە ناوەکانی (ڕەحمە)و (ئامینە)، ئەو دەمە تۆفیق ماڵئاوایی لە دۆست و ھاوڕێیانی و لە (غەزالە) خانی خێزانی کرد، کە دەستی بە سەر و قژی کچە بچکۆلەکانیدا دەھێنا، ھەرگیز بیری نەدەکردەوە، کە ئەم سەفەرەی ئەوەندە درێژخایەن دەبێت، موستەفا سائیب لە دەستنووسێکیدا دەڵێ:

    تاریخی ڕۆشتنی خاڵم ھەرگیز لەبیر ناچێت، چونکە لە کاتی سەفەریا لەسەر دیواری ماڵەوە نووسرابوو، ئیتر لە منداڵییەوە ھەر لەبیرم مابوو   


تۆفیق لە خزمەت شێخ سەعید و شێخ مستەفای نەقیب و شێخ مەحموود و دەستە و دایەرەیانا گەیشتە ئەستەمبوڵ، لەوێش بوونە میوانی بارەگای سوڵتان.لە پاش ساڵێک لەگەڵ شێخ سەعید و شێخ مستەفا و گەلێ ڕۆشنبیر و پیاوانی بەناوبانگی سەفەرەکەیاندا دەچن بۆ (حەج)، تۆفیق دەبێت بە حاجی تۆفیق، کاتێک لە حەج دەبن وەفایی شاعیر و سەید ئەحمەدی خانەقای کەرکوک، دەبنە ھاوڕێی حاجی تۆفیق] پیرەمێرد لەمبارەیەوە دەڵێت:

    وەفایی کە لە پێشدا موفتی شیعرە جوانەکانی بووم، واڕێکەوت لە ماڵی خوایشا ھاوناڵە و ئەفغانی بووم، لە پاش حەج لە ڕێگەی حیجازدا مردو سەید ئەحمەدی خانەقا لەسەری بەند بوو، تا ناشتنی ڕەفیقی گریانی بووم   
.

لە پاش ئەوە سەید ئەحمەد ڕووەو عێراق دێت و حاجی تۆفیقیش دەچێتەوە بۆ تورکیا.[١٦] بەمشێوەیە تۆفیقی مەحموود ئاغا، لە تەمەنی ٣٢ ساڵیداو لە ھەڕەتی لاویدا، بوو بەحاجی تۆفیق. بەھۆی زیرەکی و ھۆشیاریی خۆیەوە، حاجی تۆفیق زوو دەچووە دڵەوە، ئەمەیان لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە لە نووسین و داڕشتنی فارسیدا دەستێکی باڵای ھەبوو، لەبەر ئەوە عزەت پاشای نووسەری دەرباری شەھریاری لە ئەستەمبوڵ، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نامەیەی کە ناسرەدینی شای ئێران بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی ناردبوو، داوا لە حاجی تۆفیق دەکات بە فارسی وەڵامی سوڵتان بۆ شای ئێران بنووسێتەوە، وەڵامەکە ھێندە جوان دەبێت سەرنجی کاربەدەستانی دەرباری سوڵتان ڕادەکێشێت، بۆ پاداشتی ئەمە، لە ١٤ی ئەیلوولی ١٨٩٩ ئیرادەی سوڵتانی بۆ دەردەچێ. دەبێتە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵادا لە ئەستەمبوڵ، ھەروەھا پلەی بەگێتیشی دەدرێتێ، ئەمجا ئیتر بەناوی حاجی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغای ھەمزاغای مەسرەفەوە، لە دیوانی سوڵتانی و لە ڕەسمیاتدا ناودەبرا.[١٧] ھەر لەو ماوەیەدا بەھۆی عزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ، لە کۆلێجی یاسا (کلیة الحقوق) وەردەگیرێت و بڕوانامەی حقوق وەردەگرێت. [١٨]

سەردەمی گەنجێتی
شێخ مستەفای نەقیب کردوویەتی بە جێگری خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی و ژیانێکی باش و لە باری بۆ گونجاند. لەسەر بانگھێشتی سوڵتان عەبدولحەمید، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید، کاروانێک ڕێکدەخەن؛ لە ساڵی ١٨٩٨دا دەچن بۆ تورکیا، پیرەمێرد ھاوسەفەریان دەبێت. ساڵی ١٨٩٩ شێخ سەعید و پیرەمێرد پێکەوە چوون بۆ حەج و لە گەڕانەوەیاندا بۆ ئەستەمبوڵ سەید ئەحمەدی خانەقا و وەفاییی شاعیریشیان لەگەڵ دەبێ، وەفایی لە ڕێگا کۆچی دواییکردووە.

لە ساڵی ١٨٩٩دا بە فەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ. بەھۆی عیزەت پاشاوە لە ئەستەمبوڵ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت، بڕوانامەی یاساناس وەردەگرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٠٥ تا ١٩٠٨ لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە. لە ١٩٠٧دا بووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کورد کە بە نھێنی پێکھاتبوو بە سەرۆکایەتیی شێخ عەبدولقادری شەمزینی.

حاجی تۆفیق کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا ڕابواردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی (نەژاد و وەداد) لێ ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانییەوە دەست دەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆناردوە وە داوای گەڕانەوەیان لێکردوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بە ھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣ پیرەمێرد، ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەھێڵێت و لەڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە: «جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لەوەتەن دوورکەوتۆتەوە، شەوی ٣٠ی کانونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بەقدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵە، بەناوی ھەموو خۆوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین» [١٩].

گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان

پیرەمێرد
پیرەمێرد کە زۆربەی تەمەنی گەنجێتی و ھەرزەکاری لە تورکیادا بەسەر بردبوو و لەوێ ژنێکی ھێنابوو دوو کوڕی بە ناوەکانی (نەژاد و وەداد)ی ھەبوو. لەو کاتەدا بنەماڵەکەی لە سلێمانیەوە دەست ئەکەن بە نامەنووسین بۆی بەتایبەتی مستەفا سائیبی خوشکەزای گەلێ نامەی بۆ ناردووە وە داوای گەڕانەوەیان لێکردوە کە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. بەھۆی شۆڕشی کورد لە تورکیا و تێکچوونی بار و بەھۆی ئەوەی کە پیرەمێرد خۆشی ئەندامی کۆمەڵەی کورد بوو لە ساڵی ١٩٢٣. پیرەمێرد ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ ئەھێڵێت و لە ڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

لەو کاتەدا ڕۆژنامەی ژیانەوە لە سلێمانی دەردەچوو. ھەواڵی گەیشتنەوەی پیرەمێرد بە ھەواڵێک بڵاودەکاتەوە:

    جەنابی تۆفیق بەگی مەحموود ئاغا کە بیست و سێ ساڵە لە وەتەن دوورکەوتۆتەوە، شەوی ٣٠ی کانونی دووەمی ١٩٢٥ تەشریفی ھاتەوە مەملەکەتەکەمان، بە قدومی ئەم زاتە زۆر مەسرور و خۆشحاڵین، بەناوی ھەموو ھاوڵاتییەکەوە بەخێرھاتنی دەکەین.   
وە پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا دەمێنێتەوە تا لە ساڵی ١٩٢٦دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا، شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەرئەھێنێت بە سەرۆکایەتیی حسێن کازم و پیرەمێردیش ئەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە. ھەروەھا کاتێک لە ساڵی ١٩٢٤دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش ٢٥ ساڵ ژیان لە تورکیا وای چاوەڕوان دەکرد ئەو وڵاتەی لە ١٨٩٨ جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لە بارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلەوپایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بەھیچ جۆرێک بەلای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری و میریدا نەچوو، کاری ڕۆژنامەوانی بە پێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لە خۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەمبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەمبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بەیەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، وە جیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بە مەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت. ھەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستیدا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لە بەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا، و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.

وە لە ساڵی ١٩٣٢دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی ١٩٣٤دا چاپخانەکەی شارەوانی بە کرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی. لە ساڵی ١٩٣٧دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات ئەچێت خانووەکەی ئەخاتە ڕەھنی بەڕێوبەرایەتیی "ھەتیوان"ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بەناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەھێنێت و چاپخانەی (ژین) دادەمەزرێنێت.

کۆچی دوایی
ئاهەنگی ماڵئاوایی کردنی ئەدمۆنز لە شاری سلێمانی کە لەلایەن شێخ مەحموودی حەفیدەوە ڕێکخرابوو لە ساڵی ١٩٤٥. لەم وێنەیەدا پیرەمێرد لە پەنا ئەدمۆنز دانیشتووە لە دەستە ڕاستەوە ٨ەم کەس.
پیرەمێرد تا دواھەناسەی ژیانی بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بووە، تا لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠، بەرانبەر بە ٤ی ڕەمەزانی ١٣٦٩ی کۆچی، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشیی گورچیلەوە کۆچی دواییکردوە. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، ئەوەی جاران مەڵبەندی ئاھەنگگێڕانی جەژنی نەورۆزی بوو، بەرامبەر بە ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بووە، لەوێدا نێژراوە. قانع شاعیری کورد کە پێشتر لەگەڵ پیرەمێرددا پەیوەندیی ھەبووە، ھۆنراوەیەکی درێژی بە بۆنەی مردنی پیرەمێردەوە نووسیوە، کە لە دوای ناوبردنی ژمارەیەکی زۆر لە شاعیرانی کورد دێتە سەر باسی پیرەمێرد و شیوەنی مردنی ئەو[٢٠].

شیعر و پەخشان
پیرەمێرد لە بواری شیعردا دەستێکی باڵای هەبووە و یەکێکە لەو شاعیرە دەگمەنانەی کورد کە سنووری لە نێوان شیعری کلاسیکی لاسایی دانەناوە، واتە لە نێوان کێش و قافیەی عەرووزی و سیلابی میللی، ئەمانەی تێکەڵ بە یەکتری کردووە. ئەمڕۆ شیعرێکی تازە بابەتی میللی داناوە و سبەینێ لە شیعرێکی دیکەیدا پێڕەوی بەحری عەرووزی و یەکێتی قافیەی کردووە.[٢١]

کێش و قافیە
شیعری عەرووزی دیوانی پیرەمێرد لە چل پارچە شیعر پێکهاتوون. ئەمە ژمارەیەکی کەم نییە لە هەموو بەرهەمە شیعرییە ڕەسەنەکانی. بە زۆری شاعیر بەحری موزاریع و هەزەج و ڕەمەلی بەکارهێناوە. تاکە تاکە بەحرەکانی موتەقاریب و ڕەجەز و موجتەس و خەفیفیش لە شیعریدا بەرچاو دەکەون.

پیرەمێرد لە بەکارهێنانی بەحرەکانی عەرووزدا دەوڵەمەندە. لە بابەت قافیەشەوە دیسانەوە داهێنانی زۆرە، بەوەی دەبوو یەکێتی قافیە لە شیعرە عەرووزییەکانیدا گەلێ زۆر بن، کەچی ئەو بە پێچەوانەوە زۆربەی شیعرە عەرووزییەکانی لە ڕووی قافیەوە جووت قافیەن (مەسنەوی) (اا ب ب ج ج...) کەچی بە ڕاستی جووت قافیە بۆ شیعری میللی کێشی خۆماڵی بەکاردێ، بەڵام پیرەمێرد ئەم ڕچەی شکاندووە. دیارە ئەو بە تەنیا داهێنەری ئەم نوێگەرییە نییە، بەڵام ئەوە هەیە شاعیرانی کلاسیکی دیکەی کورد زۆر کەمتر قافیەی مەسنەوییان بۆ شیعری بەحری عەرووزی بەکارهێناوە.

هەرچی بەشەکەی دیکەی بەرهەمی پیرەمێرد کێشی خۆماڵی، بەشی زۆری شیعری لەم بابەتەن. شاعیر هەموو کێشە خۆماڵییە میللییەکانی کە لە دیالێکتی گۆرانی بەکاردێن لە شیعریدا بەکاری هێناون. بەزۆری کێشە سووکەکانی بەکارهێناوە وەکو حەوت و هەشت و دە بڕگەیی. زۆرترین لەم بابەتانە دە بڕگەییە، وەستانیان لە ناوەڕاست دایە (٥+٥). لە ڕووی قافیەشەوە دیارە هەموو ئەو شیعرانە جووت قافیە (مەسنەوی)ن.[٢٢]

زمان
لە بابەتی زمانی نووسینەکانی پیرەمێردەوە (شیعر و پەخشان) دەڵێی بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە ناو کۆمەڵی تورکی عوسمانی نەژیاوە. هیچ جۆرە تارماییەکی زمانی تورکی لە بەرهەمیدا بەدی ناکرێ. ئەمە کارێکی یەکجار باشە بۆ خاوێنی زمانی نووسین، بەڵام ئەگەر کاریگەرێتی بەجێی زمانی تورکی عوسمانی لە شیعری پیرەمێرددا بەرچاو بکەوتایە ڕەنگ هەبوو هەست بە دیمەنی تازەگەرییەک لەو شیعرانەدا بکرایە. [٢٣]

هەرچۆنێ بێ زمانی ئەدەبی پیرەمێرد کوردییەکی پاکی ڕەسەنی میللییانەی ناو خەڵکی کوردەوارییە. ئەگەر هەندێ جار هەست بە قورسی وشەیەک بکرێ بە تایبەتی (ناو) بە حسابی دەستووری زمان لەبەر ئەوەیە خوێنەر ئاگاداری وشەکە نییە، زمانی کوردی بە تایبەتی لە دەشتودەر و گوند و دێهاتی دوور لە شار زۆر فراوانە.[٢٤]

ژیانی هونەری و کارکردن
کارکردن لە حکومەتدا
پیرەمێرد چەندینجار چەندین پلە و پایەی لە ناو حکومەتدا وەرگرتووە، هەندێک لەو پۆستانە بریتین لە:

لە ئەیلوولی ١٩٠٩ دا بووە قائیمقامی چۆڵەمێرگ.
لە نیسانی ١٩١٢ دا بووە قائیمقامی قەرەمورسل.
لە شوباتی ١٩١٥ دا بووە بە قائیمقامی بالاوا.
لە ئەیلولی ١٩١٦ دا بووە بە قائیمقامی بیت الشباب.
لە مارتی ١٩١٧ دا بووە بە قائیمقامی گموش کوی. لە ھەمان ساڵدا بە ھەمان پلە چۆتە ئیتەپازاری، ھەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.
لە نیسانی ١٩١٨ دا بووە بە پارێزگاری (موتەسەڕیف) شاری ئاماسیا لە تورکیا، تاکوو ساڵی ١٩٢٣ لەوێ بووە.
ڕۆژنامەوانی
پیرەمێرد لە ساڵەکانی یەکەمی گەیشتنی بە تورکیا و ھەر لەو کاتەوە کە ئەندامی مەجلیسی عالی ئەستەمبوڵ و خوێندکاری کۆلیژی یاسا بووە، دەستی کردووە بە نووسین و وەرگێڕانی شیعر و وتار و زیندووکردنەوەی وێژەی کوردی و ناساندنی بەو جیھانە نوێیە. لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا یا خاوەن و سەرنووسەر بووە یاخود لە دەستەی نووسەراندا بووە و نووسەرێکی چالاک بووە.

کاتێک لە ساڵی ١٩٢٤دا دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی پاش ٢٥ ساڵ ژیان لە تورکیا[٢٥]، وای چاوەڕواندەکرد ئەو وڵاتەی لە ١٨٩٨ جێی ھێشتووە گۆڕابێت و لە بارودۆخێکی جیاواز و پێشکەوتوودا خۆی بنوێنێت، بەڵام بەداخەوە گۆڕان و بەرەو پێشچوونێکی ئەوتۆی تیادا بەدی نەکرد، لەگەڵ ئەمەشدا کە ئەو لە پلە و پایەی موتەسەڕیفی شاری ئەماسییەی تورکیاوە ھاتبۆوە، بە ھیچ جۆرێک بە لای پایەبەرزی و کورسی وەزارەت و نوێنەرایەتی گەل و پلەی فەرمانبەری میریدا نەچوو، ڕۆژنامەی بە پێشتر و پێویستتر زانی، ئەم بڕوایەشی لە خۆیەوە نەھێنابوو، بەڵکو ئەنجامی تاقیکردنەوەیەکی سەختی درێژخایەن بوو لە ئەستەمبوڵ، لەو دەمەدا ئەستەمبوڵ قیبلەی ڕۆشنبیران و سەرچاوەی زانست و ئەدەب بوو، لەو شارە گەورەیەدا دوو جیھان بە یەک دەگەیشتن، جیھانی کۆن و دواکەوتووی ڕۆژھەڵات، وە جیھانی نوێ و ڕاپەڕیوی ئەورووپا[٢٦]. پیرەمێرد دەیویست ئەو بەرگی پێشکەوتن و گیانی ڕاپەڕینە شارستانییە بکاتە بەری وڵاتە دواکەوتووەکەی، لەبەر ئەوە خوێندەواری و فێربوونی خوێندنی بە مەرجی بنەڕەتی ئەو پێشکەوتنە دادەنا، زۆرجار دەینووسی کە (میللەت تا خوێندەوار نەبێت ھەنگاوێک نانێت). ھەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە قوتابخانەی زانستیدا دەوری ڕابەر و دامەزرێنەری بینی. لەلایەکی تریشەوە دەوری پێشڕەوی بینی لە کردنەوەی قوتابخانەی کچاندا لە سلێمانی و ھاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ قوتابخانە. لە بەرامبەر ئەم کارەیدا تووشی گەلێ ھێرش و توانج بوو بەڵام دیسان کۆڵی نەئەدا و گەرمتر و جوانتر شیعری بۆ کچان و قوتابخانەی کچان دەگوت.

پاش گەڕاندەوەی لە تورکیا، چەند ساڵێک لە شاری سلێمانیدا ئەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی توخنی کاری میری بکەوێت، لە ساڵی ١٩٢٦دا لە مانگی کانوونی یەکەمدا شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەرئەھێنێت بە سەرۆکایەتی حسێن کازم و پیرەمێردیش ئەکرێت بە سەرپەرشتکاری ڕۆژنامەکە. لە ساڵی ١٩٣٢ دا حسێن کازم کۆچی دوایی دەکات و پیرەمێرد دەکرێت بە بەڕێوبەری ئەو ڕۆژنامەیە، لە ساڵی ١٩٣٤دا چاپخانەکەی شارەوانی بەکرێ ئەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان ئەگۆڕێتە سەرخۆی. لە ساڵی ١٩٣٧ دا لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام پیرەمێرد ھەر کۆڵنادات ئەچێت خانووەکەی ئەخاتە ڕەھنی بەڕیوبەرایەتی "ھەتیوان"ەوە، مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەرئەگرێت وە بە ناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری ئەھێنێت و چاپخانەی ژینی دادەمەزرێنێت.

نموونەی پارچەیەک لە پەندەکانی پیرەمێرد:
وتیان بە ڕێوی شاھیدت کێیە؟|وتی کلکی خۆم، باوەڕم پێیە
حەزدەکەی دوور بی لە گێرە و کێشە|بەقەد بەڕەی خۆت پێ ڕابکێشە
بەسمان بەسەردا لێدە گیزو فیز|پێوەدان خۆشە نەوەک ویزەویز
لە شارو لادێ ئەم نەقڵە باوە|گیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە
شەڕنەکەر پیشەی زوو دانیشتنە|بەردی زل بەڵگەی نەھاویشتنە
ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەرد|چش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد
وتیان پشیلـە، گووت بە دەرمانە|دایپۆشی بە خۆڵ ئەو بێویژدانە
شوێن بۆ سەر پیشەی خۆی دەچێتەوە|گیا لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە
قەل ئەڵێن لاسای کەوی کردەوە|ڕۆینەکەی خۆیشی لەبیر بردەوە
مەشھورە بزن بۆ تاقە شەوێ|جێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ
ناشکوری مەکە بەم بەشە کاکە|لە قوڕ ئەوەندە تۆز ھەستێ چاکە

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة

ژیانی شاعير گۆران

أدولف هتلر Adolf Hitler