ژیانی شاعير گۆران
ژیانی گۆران
گۆران :عه‌بدوڵڵا به‌گ كوڕی سلێمان به‌گی كوڕی عه‌بدوڵڵا به‌گه. باوكیشی و باپیریشی له هۆنراوه و وێژه‌دا به‌هره‌یان هه‌بووه و به كوردی و به فارسی نووسیویانه و هۆنراوه‌یان وتووه، به‌تایبه‌تی عه‌بدوڵڵا به‌گی باپیری له زمان و وێژه‌ی فارسی‌دا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه و هه‌ر بۆیه به "كاتبی فارسی" ناوبراوه.
گۆران له ساڵی 1904 یان له 1905دا له هه‌ڵه‌بجه له‌دایكبووه. بنه‌ماڵه‌ی باپیری له به‌گزاده‌ی "میران به‌گی" بوون له ناوچه‌ی "مه‌ریوان" و عینایه‌توڵڵا به‌گی كوڕی ئه‌مانوڵڵا به‌گیان به خۆی و خێزانیه‌وه دێته سلێمانی و له ناوچه‌ی قه‌ره‌داخ ماوه‌یه‌ك دائه‌نیشێ. زۆری پێ ناچێ كۆچی دوایی ده‌كات.
عه‌بدوڵڵا به‌گی كوڕی (باپیری گۆران) له‌گه‌ڵ هه‌موو خێزانه‌كه‌یاندا، ئه‌وه‌ی له برایه‌كی بچووكی و دایكی و ژنه‌كه‌ی و منداڵه‌كانی خۆی پێكهاتوه ڕووده‌كه‌نه هه‌ڵه‌بجه چونكه خۆیان به جاف زانیوه و له‌وێ جێگر ئه‌بن. له‌و گه‌شته‌دا دایكی عه‌بدوڵڵا به‌گ و براكه‌ی به نه‌خۆشی "سێ‌به‌ڕۆ" ده‌مرن و ئه‌مێننه‌وه عه‌بدوڵڵا به‌گ و مناڵه‌كانی خۆی ئه‌مانه بوون: مسته‌فا به‌گ، نووری به‌گ، نه‌فێ خان، سلێمان به‌گ و حه‌بیبه خان. له‌مانه نه‌فێ خان شوو ده‌كات به مه‌جید به‌گی عوسمان پاشا. حه‌بیبه خان‌یش شوو ده‌كات به یه‌كێ له شێخانی خانه‌گای لای پاوه. مسته‌فا به‌گ و نووری به‌گیش كه‌سیان له‌پاش به‌جێنامێنێت. به‌ڵام سلێمان به‌گ ئه‌م مناڵانه‌ی ئه‌بێ: عه‌لی. شه‌مسه، موحه‌ممه‌د، عه‌بدوڵڵا. عه‌لی و شه‌مسه به لاوی مردوون. موحه‌ممه‌دیش كه ناوبانگی بوو به "حه‌مه به‌گه ڕووشه" پاش مردنی باوكی به دوو ساڵ ئه‌كوژرێ. به‌م چه‌شنه له‌م بنه‌ماڵه‌یه هه‌ر عه‌بدوڵلا (گۆرانی دواڕۆژ) ده‌مێنێته‌وه.
گۆران لای باوكی قورئان و سه‌ره‌تای خوێندنی خوێندووه. پاشانیش له "مزگه‌وتی پاشا"ی هه‌ڵه‌بجه بووه به فه‌قێ و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌كێش به "فه‌قێ عه‌بدوڵڵا" ناسراوه.
له دوا ساڵه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌م و سه‌ره‌تای هاتنی ئینگلیزدا، بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ڵه‌بجه چۆڵ ئه‌بێت و خه‌ڵك ڕووده‌که‌نه لادێكانی ده‌وروپشت. ماڵی باوكی گۆرانیش له به‌هاری 1919 وه تا پاییزی ئه‌و ڕووده‌كه‌ن چه‌می بیاره و له‌وێ له باخێكدا هه‌وار ئه‌خه‌ون و بۆ پاییز ئه‌وسا ئه‌گه‌رێنه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه.
گۆران خۆی بۆ مامۆستا ڕه‌فیق حلمی گێڕاوه‌ته‌وه و وتوویه: "له‌بیرمه، كه یه‌که‌م قوتابخانه‌ی زمانی تورك له هه‌ڵه‌بجه دانرا، بۆ پۆلی یه‌كه‌م وه‌رگیرام، بۆ پۆلێك وه‌رگیرام، ئه‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌مان به‌ڕه‌حمه‌ت بێت تاهیر ئه‌فه‌ندیی مه‌لا ئه‌مینی جه‌ففار پێی ئه‌وت پۆلی ئیحتیا‌ت".
وه‌ك گۆران خۆی گێڕاویه‌ته‌وه چوونی بۆ قوتابخانه‌ی فه‌ڕمییشدا پچڕ پچڕ بووه. پۆلی چواره‌می له سه‌رده‌می داگیركرانی هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌لایه‌ن ئینگلیز‌ه‌وه ته‌واو كردووه.
هه‌ر له 1919دا سلێمان به‌گی باوكی گۆران كۆچی دوایی ده‌كات. پاشان له 1921دا موحه‌ممه‌د به‌گی برای، به هاندانی مسته‌فا سائیب، له‌گه‌ڵ عه‌بولواحید نووریی خاڵۆزایدا ئه‌یاننێرێت بۆ قوتابجانه‌ی "عیلمی"یه‌ی كه‌ركووك بۆ خوێندن. به‌ڵام هه‌ر له‌وساڵه‌دا موحه‌ممه‌د به‌گی برایشی ده‌كوژرێ. ئیتر گۆران كه‌سی وه‌های نامێنێ گوزه‌رانی خوێندنی خۆی و ژیانی دایكی ببات به‌ڕێوه، له‌به‌رئه‌وه ده‌ست له خوێندن هه‌ڵئه‌گرێت و له ساڵی 1922ه‌وه تا ساڵی 1925 گه‌لێ ده‌ست ته‌نگی ئه‌چێژێ.
گۆران بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1925دا به مامۆستایی له قوتابخانه‌ی هه‌ڵه‌بجه دامه‌زراوه و تا 1937 له قوتابخانه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ماوه‌ته‌وه. پاشان گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌شغاڵ - به‌شی كاروباری ڕێگاوبان و تا گیرانی یه‌كه‌می له 1951دا، جگه له‌و چه‌ند ساڵه‌ی، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕۆشنبیرێكی تری كوردا ئه‌چێ بۆ یافا و له ئێستگه‌ی ڕادیۆی ڕۆژهه‌ڵات نزیك به مه‌به‌ستی به‌شداری له خه‌باتدا له‌دژی فاشیزم به‌شی كوردستان ئه‌كه‌نه‌وه، له ئه‌شغاڵدا ئه‌مێنێته‌وه.
له ته‌شرینی دووه‌می 1952دا له به‌ندیخانه‌ی یه‌كه‌می دێته‌ده‌ر و ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی و ئه‌بێ به به‌رپرسی ڕۆژنامه‌ی "ژین". تا ئه‌یلوولی 1954 له‌سه‌ر ئه‌م كاره ئه‌مێنێته‌وه. له 1954 /17دا بۆ جاری دووهه‌م له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێ له ئاشتی خوازانی سلێمانی ئه‌گیرێ و فه‌رمانی ساڵێ به‌ندو ساڵێ خستنه ژێر چاودێریی پۆلیسی به‌سه‌ردا ئه‌درێ. ماوه‌ی به‌ندكردنه‌كه‌ی له سلێمانی، كه‌ركووك، كوت، به‌عقووبه و نوگره سه‌لمان و ماوه‌ی چاودێرییه‌كه‌شی له به‌دره به‌سه‌رده‌با.
له 1956.09.12دا ئه‌م فه‌رمانی به‌ندكردنه‌ی ته‌واو ده‌كات و ئازاد ده‌کرێت و ده‌چێته به‌غدا و چه‌ند ڕۆژێك له‌وێ له‌یه‌کێك له پڕوژه میریه‌كانی خانوودا ئه‌بێت به چاوه‌شی كرێكار. زۆری پێناچێت دیسانه‌وه له هێرشی میریدا بۆ سه‌ر نیشتمان په‌روه‌ران به‌بۆنه‌ی ده‌ستدرێژییه سێ قۆڵییه‌كه‌ی سه‌ر میسره‌وه، ئه‌گیرێته‌وه له 1956.11.17دا دادگای عورفی له‌كه‌ركوك فه‌رمانی سێ ساڵ به‌ندی به بارمته دانانی هه‌زار دیناری کاتی ده‌سپێنێت به‌سه‌ریدا، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه تا سێ ساڵ ورته‌وی له ده‌م ده‌رنه‌یه‌ت و كرده‌وه‌ی وای لێ نه‌وه‌شێته‌وه میری پێی دڵگران ببێ.
گۆران نه هه‌زار دیناره‌كه‌ی ئه‌بێ و ئه ئه‌شیه‌وێ گفتی وه‌ها به میری بدات، بۆیه ئه‌خرێته‌وه به‌ندیخانه و تا 1958.08.10 پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ی گه‌لاوێژ له زینداندا ئازاد ده‌کرێت. گۆران ئه‌م ماوه‌یه‌ی به‌ندیخانه‌ی كه‌ركووك و به‌عقووبه به‌سه‌ربردووه.
پاش به‌ربوونی له زیندان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی و پاش ئه‌وه به ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ شاندێكی میللی سه‌ر له یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت ئه‌وسا و چینی میللی و كۆریای دیموكراتی (باكووری) ئه‌دا.
له سه‌ره‌تای 1959دا سه‌رپه‌رشتیی گۆڤاری "شه‌فه‌ق" ئه‌گرێته ده‌ست و به ناوی "به‌یان" ده‌رده‌کات. له ئیسكانی سلێمانیش دایده‌مه‌زرێنێت و تا ناوه‌ڕاستی 1960 كاری تێدا ده‌کات. ئه‌نجا به‌بیانووی ئه‌وه‌وه كه گوایه بێ‌پرس كاری به‌جێهێشتووه - كار به‌جێهێشتنه‌كه‌ی بۆ چوون بوه بۆ شه‌قڵاوه بۆ به‌شداربوون له كۆنگره‌ی دووهه‌می مامۆستایانی كورددا - له‌سه‌ر كار لای ده‌به‌ن.
له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1960دا دێته به‌غدا و ئه‌بێ به یاریده‌ده‌ری پڕۆفیسۆر له به‌شی كوردی كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا و به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی ڕۆژنامه‌ی ئازادی.
له سه‌ره‌تای 1962دا ژانه‌سك زۆری پێ ئه‌هێنێ. ده‌رئه‌كه‌وێ كه گه‌ده‌ی تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه بووه. نه‌شته‌رگه‌رێكی سه‌ركه‌وتووی له به‌غدا بۆ ده‌كرێ به‌ڵام به‌داخه‌وه پاش واده. پاش ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه له نیساندا ئه‌چێ بۆ مۆسكۆ و سێ مانگێك له نه‌خۆشخانه‌ی "كرێملین" و سه‌نه‌تۆری "به‌رڤیخه" به‌سه‌رئه‌با و پاشان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئێراق. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م نه‌خۆشییه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵئه‌داته‌وه و ته‌نگی پێ هه‌ڵئه‌چنێ. له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانی و له‌وێ له جێ‌دا ئه‌كه‌وێ.
شعریکی جوانی مامۆستا گۆران
کام به‌ر به‌رۆچکه‌ی زۆر باسه‌فایه
چه‌شنی دڵی شاد دێ یه .ئاوایه!
خانووی به‌گزاده له سای دره‌ختا
ئارامی بوو که له کۆشکی به‌ختـــا
خانووی ئه‌هالیش زۆریان دوو نهۆم:
هه‌ندێ قنج و قیت ،هه‌ندێ لار‌و کـــــۆم...
یه‌ك له‌سه‌ر یه‌کتر،به‌ره‌و لووتکه‌ی کێـــو
بۆ ئاســـمان ئه‌چن وه‌ك پێ پلیکه‌ی دێــو!
له دێ‌دا کــام جێت گه‌وره به‌رچاو که‌وت:
ماڵی ئاغایه‌و خانه‌قاو مزگه‌وت
تعليقات
إرسال تعليق